جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە و وەڵامی توندیشیان دەبێت، کامالا ھاریس جێگری بایدنیش رایگەیاند، ئەو ھێرشەی ئەنجامدراوە بە ئاسانی تێناپەڕێت و لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ھەموو ئەوانەدا دەکەن کە بوونەتە ھۆی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا.

ھێرشەکە لە رێگەی بە فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کراوەتە سەر تاوەری ٢٢ی تایبەت بە ھێزەکانی ئەمریکا لە سەر سنورەکانی ئوردن و سوریا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت گرووپەکانی سەر بە ئێران بەرپرسیارن و لەکات و شوێنی گونجاویشدا وەڵامی توندیان دەبێت و ھەموو بژاردەکانیش لە بەردەمیاندا کراوەن.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، ئەوە یەکەم جارە بەھۆی ھێرشەکانەوە سەربازی ئەمریکی بکوژرێت.
مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا پەیامێکی روونی بۆ ھەموو جیھان ھەبێت کە بریتیبێت لەوەی ھیچ نەرمییەک بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشەی سەر ھێزەکانی وڵاتەکەی نانوێنێت.
مایک رۆجەر سەرۆکی لیژنەی ھێزە چەکدارەکانیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە ئیدارەکەی بایدن لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئێران و بریکارەکانی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بکات.

لیندسی گراھام و تۆم کۆتون و جۆن کۆرنین کە سێ سیناتۆری کۆمارییەکانن رایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی بایدن دەتوانێت ھەموو بریکارەکانی ئێران لەناوچەکە لەناو ببات، بەڵام ئەوە نابێتە ھۆی کۆتایی ھێنان بە دوژمنکارییەکانی ئێران، بەڵکو پێویستە ئامانجە گرنگەکان لەناوخۆی ئێران لەناو ببات، داواشیانکردووە ئەمریکا وەڵامی سەربازیی وێرانکەر بداتەوە، جەختیشیانکردەوە، بایدن ترسنۆکە ئەگەر بە توندی وەڵام نەداتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەو ھێرشە لاوازی و بێتوانایی بایدن دەسەلمێنێت و ھەموو بەرپرسیارێتییەکی دەکەوێتە ئەستۆ، وتیشی، ئێستا کاتی ئەوەیە بەھێز ئاشتی بەدەستبھێنن.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیش لە راگەیەندراوێکدا ئەنجامدانی ھێرشەکەی گرتەئەستۆ و جەختدەکاتەوە بەردەوام دەبن لەو ھێرشانە بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا، سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، ئەو ھێرشە لەدەرەوەی خاکی عێراق ئەنجامدراوە و ناکرێت وەڵامی ئەمریکاش بۆ ھێرشەکە لە ناوخۆی عێراق بێت.

تاوەری ٢٢ی تایبەت بە ھێزەکانی ئەمریکا دەکەوێتە باکوری خۆرھەڵاتی ئوردن لە سێگۆشەی سنوری نێوان ئەو وڵاتە و سوریا و عێراق و نزیکە لە بنکەی سەربازیی تەنەف و ناوەندێکی سەربازیی ھەستیاری ئەمریکایە لە ناوچەکە و تایبەتە بە ھێزە ئەندازیاری و فڕۆکەوانی و خزمەتگوزارییە لۆجستییە ئەمنییەکانی ئەمریکا کە چاودێری گرووپەکانی سەر بە ئێران و پاشماوەکانی داعش دەکەن، بەڵام ھیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی سەربازانی ئەمریکا و ئەو چەکانە نییە کە لەو بنکەیە جێگیرکراون.

حسێن موسەوی وتەبێژی بزوتنەوەی نوجەبا دەڵێت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج پێی دەوترێت تاوەری ٢٢ کە ھێزە ئەندازیاری و فڕۆکەوانی و خزمەتگوزارییە لۆجستییە ئەمنییەکانی ئەمریکای تێدایە و لێپرسراوی مەشقپێکردن و ئامادەکردن و پاراستنی تیرۆریستانی داعشن لە ناوچەکە لە پێناو تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی وڵاتانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

موھەند موبەیزین وتەبێژی حکومەتی ئوردنیش رایگەیاند، ھێرشەکە تیرۆریستی بووە و لە دەرەوەی خاکی وڵاتەکەی بووە و لە سنوری بنکەی سەربازی تەنەف بووە لە ناو خاکی سوریا.