گروپی چەکداری سوپای عەدل لەناو خاکی پاکستان، بیانوو بوو کە سەرەتا ئێران ھێرشەکە ئەنجامبدات، ئەو گرووپە کە لەناو لیستی تیرۆری ئێران و ئەمریکادان، لە ڕابردوودا بەرپرسیارێتی چەند ھێرشێکیان بۆسەر ئێران لە ئەستۆگرتووە.

ناکۆکیەکییەکانی ئێران و پاکستان لەسەر دۆخی ئەمنی سەر سنوور و مادە ھۆشبەرەکان پرسێکی کۆنە و ناو بە سەرھەڵدەدات، بەڵام نزیکەی دە ساڵە نەگەیشتووەتە ڕادەی مووشەک بارانکردنی یەکتر وەک ئەوەی لەم ھەفتەیەدا ڕوویدا، تاران، ئیسلام ئابادی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕێگە بە گرووپە چەکدارەکان دەدات ھێرش بکەنە سەر خاکی ئێران.

وەزارەتی بەرگری پاکستان لەبارەی ھێرشەکەی سەر سیستان و بەلوچستانەوە بڵاویکردەوە، ٩ تیرۆریست کوژراون، بەڵام ئێران ڕەتیکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، قوربانیەکان ھاووڵاتیانی مەدەنی بە ڕەچەڵەک پاکستانی بوون کە لە سێ ژن و چوار منداڵ و دوو پیاو پێکھاتبوون لە ناوەندی شاری سەراوان.

دوابەدوای ھێرشەکان، ھەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان کشاندەوە، تەواوی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوانیانیشان ھەڵپەسارد.

ھەرزوو حکومەتی چین ئامادەیی نیشاندا بۆ نێوەندگیری تاران و ئیسلام ئاباد و داوای دان بەخۆداگرتنی زیاتری لە ھەردوولا کرد، ئەمریکاش بەتووندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی ئێرانی کرد بۆسەر پاکستان و عێراق و سوریاو راشیگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژێکدا ئێران سەروەری وڵاتە دراوسێکانی پێشێل کردووە.

ھەریەک لە ژاپۆن و تورکیا و سعودیە، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئێران و پاکستان نیشاندا و داوای دان بەخۆداگرتنیان کرد.

پارێزگای سیستان و بەلوجستان، دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران کە ھاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان، دووەم گەورە پارێزگای ئێرانە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی سوننە مەزھەبن.
ئەو ناوچەیە بەھۆی پێکھاتەی ئاڵۆزی نەتەوەیی و تائیفی و ھەڵکەوتەی جوگرافیاوە، لە ساڵانی ڕابردوو شایەتی پەرەسەندنی داواکارییەکانی جیابوونەوە لە ھەرسێ بەشی بەلوچستان لە ئێران، پاکستان و ئەفغانستان، بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی بەلووچ.

زۆرترین بزووتنەوە و ڕێکخراوی سیاسیی ئێران لەو پارێزگایە پێکھێنراون، دیارترینیان ڕێکخراوی جوندوڵایە کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا دەرکەوت و ھەنگاوی چەکداری گرتەبەر بۆ داوای مافی بەلووچەکان، ڕێکخراوەکە توانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدات و ھێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەت کە لە ناوچەکەدا چالاکی دەکەن بە ئامانج بگرێت.