سەرباری داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست، شەڕ و پێکدادان لە خەرتوومی پایتەختی سودان بەردەوامە و عێراق و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتیش تریش باڵیۆزخانەکانیان لە خەرتووم چۆڵکرد، ئینتەرنێتیش لە سەرانسەری وڵات پچڕاوە.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سودان، ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتە داخست و دیپلۆماتکارەکانی کشاندەوە، لەو بارەیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم کارمەندان و دیپلۆماتکارەکانیان لە سودان کشاندووەتەوە و کارکردنی باڵیۆزخانەکەیان لە خەرتووم ھەڵپەساردووە، داوایشی لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد، پابەندی ئاگربەست بن و شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن.

ھێزەکانی پشتیووانیی خێراش رایانگەیاند، کشانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و خێزانەکانیان لە سودان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ئەوان و لەڕێگەی شەش فڕۆکەوە ئەنجامدراون، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو لێدوانەی رەتکردەوە.

جگە لە ئەمریکا، چەند وڵاتێکی دیکەش دەستیان بە کشاندنەوەی دیپلۆماتکار و ھاوڵاتیانییەکانیان لە سودان کردووە، لەوانە فەڕەنسا و عێراق..

ھاوکات ئەندرێ چیرنۆڤڵ باڵیۆزی روسیا لە خەرتووم رایگەیاند، سەرجەم ھاووڵاتییە روسییەکانیان لەو ناوچانەی پێکدادانی تێدایە گواستووەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی روسیا لە خەرتووم، لەبارەی بردنەدەرەوەشیان لە سودان وتی، نایانەوێت قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن، بەڵام ھەموو ئەگەرێک لەبەرچاوو دەگرن.

تورکیاش بە ھەمان شێوە دیپلۆماتکار و ھاووڵاتیانی خۆی لە سودان  کشاندووەتەوە بەتایبەت لەو خەرتوومی پایتەخت و ئەو ناوچانەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیان تێدایە.

ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپا و ھێزەکانی پشتیووانیی خێرا لە سودان، پێ دەنێتە ھەفتەی دووەم، بەیانیی رۆژی یەکشەممەش لە دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتیی لە خەرتووم دەنگی تەقە بیستراوە.

ھاوکات لیژنەی سەرەتایی لە سەندیکای پزیشکانی سودان، نوێترین ئاماری قووربانییەکانی پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ژمارەی کوژراوە مەدەنییەکان بۆ ٢٦٤ کەس بەرزبووەتەوە، ھەروەھا ھەزار و ٥٤٣ کەسی تریش بریندار بوون، بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماری جیاوازتر بڵاودەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری سودان پچڕاون، بەڵام ھێشتا خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن بەردەستن.