عێراق تاوتوێی سێ پێشنیاز دەكات بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم
هیوا
١٠ی نیسانی ٢٠٢٣
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراق، یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، زیندووکردنەوەی ھێڵی (کەرکوک-بانیاس)ـە لە رێگەی سوریاوە کە نەوت دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست، پێشنیازێکی دیکەش بریتییە لە گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ کۆگاکانی باشوری عێراق و دواتر ھەناردەکردنی، پێشنیازی سێیەمیش بریتییە لە تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبە و ھەناردەکردنی نەوت لەرێگەی ئوردنەوە.
سوھەیلە سوڵتانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی رەزامەند نییە بە تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبە، چونکە باوەڕی وایە پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا بەھەدەردانی سامانی گشتییە و تێچوویەکی زۆری ھەیە، ھەروەھا پڕۆژەکە کە درێژییەکەی زیاتر لە ١٧٠٠ کلیۆمەترە و باشوری عێراق بە باشوری ئوردنەوە دەبەسێتەوە، ھیچ سودێکی ئابوری بۆ عێراق نابێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆیە ئەگەری بەھێز کاراکردنی ھێڵی (کەرکوک-بانیاس)ـە کە لەئێستادا ھەناردەکردنی نەوت لەرێگەی ئەم ھێڵەوە راگیراوە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە ھەیە.
پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک لەرێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە رەوانەی بازارەکانی جیھان دەکرا، سەرەڕای رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداش بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، بەڵام حکومەتی عێراق بەھۆی کێشەی یاسایی و تەکنیکی پەیوەست بە دوو سکاڵای دیکەی لەگەڵ تورکیا، تائێستا ھەناردەی نەوتی کوردستانی دەستپێنەکردووەتەوە.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری دەڵێت، دوو سکاڵاکەی تورکیا و عێراق لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دوو ساڵی دیکە دەخایەنێت رەنگە تا ئەو کاتەش ھەناردەی نەوتی ھەرێم لەرێگەی بەندەری جەیھانەوە کێشەی بۆ دروست ببێت، بۆیە دەکرێت چارەسەری خێرا بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە لەوانەش بەکارھێنانی نەوتی ھەرێم لە پاڵاوگەکانی بێجی و کەرکوک و گواستنەوەی بەشێکی دیکەی بۆ باشوری عێراق، تەواوکردنی ھێڵی بەسڕە-عەقبەش دەتوانێت کێشەی ھەناردەی نەوت چارەسەر بکات.
بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، رۆژانە بودجەی عێراق نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلار کورتھێنانی بۆ دروست دەبێت، ئەوەش لەکاتێکدایە خودی پڕۆژەیاسای بودجە ٦٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، بۆیە شارەزایانی ئابوری دەڵێن، بۆ ئەوەی کورتھێنانی بودجە زیاتر نەبێت دەبێت لە زوترین کاتدا ھەناردەی نەوتی ھەرێم و کەرکوک چارەسەر بکرێت.