لیژنەی دارایی ھەنگاوە کردارییەکانی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەستپێکرد، ئەندامێکی لیژنەکەش رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت و لەدوای جەژنی رەمەزانیش ئەنجومەنی نوێنەران یاسای بودجە پەسەند دەکات.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و چاوەڕێش دەکرێت ھەفتەی داھاتوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە پەرلەمانتاران تێبینییان لەسەر نرخی نەوتی خەمڵێندراوی نەوت و زۆری کورتھێنان لە بودجەدا ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی پڕۆژەکە لە زوترین کاتدا تێپەڕێنرێت، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان و لەمانگی ئایاردا پەسەند دەکرێت.
پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق بڕەکەی نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و بە گەورەترین پڕۆژەی بودجە لە مێژوی وڵات دادەنرێت، لەو رێژەیەش نزیکەی ٦٥ ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە، ئەوەش پێدەچێت گرفت بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە لە پەرلەمان دروست بکات.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، زۆرینەی فراکسیۆنەکان جدین لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی بودجە بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، بۆیەش پێشبینی دەکات لەکۆتایی مانگی ئایاردا یاسای بودجە پەسەند بکرێت.

ئەندامانی لیژنەی دارایی باوەڕیان وایە دانانی نرخی نەوت بە ٧٠ دۆلار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نرخێکی باشەو دەکرێت پشتی پێببەسترێت، لە پڕۆژەی بودجەشدا پشکی ھەرێمی کوردستان بە ١٦ ترلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە.

موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داوایکرد کۆبوونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەزوترین کات راپۆرتی لیژنە لەسەر پڕۆژەی بودجە ئامادە بکرێت.
وتیشی لەماوەی کەمی داھاتوودا پڕۆژەی بودجە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت.