سەرچاوەیەک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی ھەینی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق کۆبوونەتەوە و رێککەوتوون کە ھەردوو وەزارەتی نەوت و سامانەسروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی نەوتی ھەرێم بفرۆشن.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە و گەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان. 

بەگوێرەی رێککەوتنەکە لیژنەیەکی ھاوبەش دروست دەکرێت بۆ دۆزینەوەی کڕیار بۆ نەوتی ھەرێمی کوردستان و نەوتی ھەرێم بە ھەمان نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا پێشتر ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ھەرزانتر دەفرۆشت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکە داھاتی نەوتی ھەرێم لە ھەژمارێکی تایبەت دادەنرێت بەو میکانیزمەی کە لەپڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ دیاریکراوە، کە دەبێت لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیدا بێت بەڵام مافی خەرجکردنی لەدەسەڵاتی ھەرێمدا بێت.

رونیشیکردەوە، داھاتی نەوتی ھەرێم کرێی کۆمپانیا نەوتییەکانی لێ جیادەکرێتەوە و پاشان ھەرێم مافی ئەوەی دەبێت ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە خەرجی بکات.

بەوتەی سەرچاوەکە ھەر بەپێی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ھەرێم، سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان بەشێوەی قۆناغ بەندی ھەڵدەوەشێنرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەدرێتەوە بەو کۆمپانیایانەی پێشتر نەوتی ھەرێمیان فرۆشتووە، بەمەرجێک رازی بن بە میکانزیمی نوێی فرۆشتن و ئەو نرخەی سۆمۆ دیاریدەکات. 
بەوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە رێککەوتنەکەدا جەختکراوەتەوە کە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ وەک پشکی کورد دیاری بکرێت.

رۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، عێراق ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی راگرت، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە پاریسە بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکە تورکیا ناتوانێت بەبێ رەزامەندی بەغدا، نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیھانەوە بۆ بازارەکانی جیھان بگوازێتەوە.