تارمایی سیناریۆی سریلانکا بەسەر چەند وڵاتێکی عەرەبیدا دەسوڕێتەوە
کوردسات نیوز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٢
لە ڕاپۆرتێکیدا ڕۆژنامەی " فاینانشیاڵ تایمز " پێشبینی کردووە، بەھۆی کێشە ئابووریی و قەرزە کەڵەکەبووەکانەوە، چەند وڵاتێکی تازەپێگەیشتووی جیھان ڕووبەڕووی چارەنووسێکی ھاوشێوەی سریلانکا ببنەوە.
ڕۆژنامەی " فاینانشیاڵ تایمز " ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، زیاتر لە ٢٠ وڵاتی تازەپێگەیشتووی کە قەرزارێکی زۆریان لەسەرە، ناچارن لە نێوان پاکتاوی قەرزە دەرەکییەکانیان یان دابینکردنی خۆراک و سووتەمەنی بۆ خەڵکەکەیان یەکلاببەنەوە، بە پێی ڕۆژنامەکە، میسر و تونس لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی توند ئابووری دەبنەوە.
ڕۆژنامەکە ڕەشبینی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی خستۆتە ڕوو، کە تا کۆتایی ئەمساڵ قەبارەی قەرزەکانی سەر میسر دەگاتە ٢٠ ملیار دۆلار و قەرزی تونسیش لە ھەمان ماوەدا بۆ ٣٩ ملیار دۆلار بەرزبێتەوە.
بە پێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی میسر پێویستی بە "پێشکەوتنی یەکلاکەرەوە" ھەیە لە چاکسازی دارایی دا، تونسیش کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی پەرەسەندوو بووەتەوە، تا ساڵی ٢٠٢٠ قەرزی گشتی وڵاتەکە بە ڕێژەی لەسەدا ٧٠ زیاتر بووە لە بەرھەمی ناوخۆیی و ڕەنگە ئاستی قەرزەکانی ئێستا زۆر زیاتر بێت .