لە گوندی توڵکی سنووری پارێزگای کەرکوک، گەنجێک لەسەر کێشەی زەوی و زار کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەنجێک بە ناوی "هانا عەدنان" لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی گوندی توڵکی سەر بە ناحیەی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکوک کوژرا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی زەوی و زار لەنێوان هەر دوو خانەوادەی کوژراوەکە و بکوژەکە.

هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، هێزەئەمنییەکان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری روداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر روداوەکە دەستگیر نەکراوە. 

جێی ئاماژەیە گەنجە کوژراوەکە هەمان ئەو کەسەیە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا و لە بەرانبەر ئازادکردنیدا، داوای بڕێکی زۆری پارە کرا.