رۆژنامەی زە ھێڵی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن چوار ژەنەڕاڵی سەربازیی و فەرماندەیەکی پۆلیسی روسیا، کە لە پڕۆسە سەربازییەکەی روسیا لە ئۆکراین بەرپرسیارێتیان ھەبووە، لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، روونیشیکردەوە، لە کار دوورخستنەوەی ئەو ژەنەڕاڵە سەربازییانە دوای شکستی مۆسکۆ لە جەنگی ئۆکراین و کۆنتڕۆڵنەکردنی ناوچە سەرەکییەکانی ئۆکراین وەک کیێڤی پایتەخت دێت.

پێشتر راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بە شکستی گەورە لە ریزەکانی سوپای روسیا لە جەنگی ئۆکراین کرد بوو، لەو بارەیەوە ئەدمیڕاڵ جەمیس ستاڤریدز فەرماندەی پێشوو لە ھاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ"، رایگەیاند، لە مێژووی نوێدا وەک ئێستا شکستی گەورە و کوژراوی ھێندە زۆر لە ریزی ژەنەڕاڵەکانی سوپای روسیا نەبووە، بەجۆرێک لە ماوەی دوو مانگدا لانی کەم ١٠ ژەنەڕاڵی روسیا لە ئۆکراین کوژراون.

لەسەرەتای دەستپێکردنی ھێرشی روسیاوە بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی جیھان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باس لە شکستی گەورەی روسیا لە ئۆکراین دەکەن، لە ناوخۆی روسیاش بەشێک لە فەرماندە ئەمنییەکان ھۆشداریان بە ڤلادیمیر پوتندا بوو لە لێکەوتە خراپەکانی ھێرشکردنە سەر ئۆکراین و شکستھێنان لە جەنگەکە.

بە سەرنجدان لە ئامارەکانی جەنگەکە، روسیا کە لە دوای ئەمریکا دووەم بەھێزترین سوپای لە جیھاندا ھەیە، شکستیھێناوە لە بەرامبەر سوپای ئۆکراین، بە تایبەت کە چاوەڕوان دەکرا روسیا بە چەند رۆژێک کیێڤی پایتەختی ئۆکراین کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام نەک ئەوە رووینەدا، بەڵکو سوپای روسیا لە دەوروبەری کیێڤ کشایەوە و ئاڕاستەی جەنگەکەی بەرەو خۆرھەڵاتی ئۆکراین گۆڕی، بەڵام لەوێش سەرکەوتنی بەرچاووی بەدەستنەھێنا.