رۆژنامەی "ستار" لە راپۆرتەکەیدا پەردەی لەسەر کۆمەڵێک نھێنی ھەڵداوەتەوەو ئاشکرایکردووە، سوپای تورکیا لە چوارچێوەی لەشکرکێشیی چڕنووک-قوفڵدا، بە قوڵایی ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر، دەچێتە ناو خاکی عێراق و پلانی نییە بۆ کشانەوە لە عێراق، بەڵکو بە نیازە بنکەی چاودێریی کاتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لە "باکووری عێراق" و نزیک سنوورەکانی دروست بکات، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا قەندیل بکاتە ئامانج.

رۆژنامەکە دەڵێت، پێش دەستپێکردنی ھێرشەکە، تورکیا زانیاری لەبارەی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە و ئامانجە دیاریکراوەکان ھەبووە و بەپێی خەمڵاندنەکانیان نزیکەی سێ ھەزار گەریلای پەکەکە لەو ناوچانەدان کە لەم لەشکرکێشییەدا کەوتوونەتە بەر ھێرشی سوپای تورکیا، بەڵام وەک رۆژنامەکە باسی کردووە، "ھاوکارییەکانی بارزانی گەیشتونەتە جێگەی خۆیان"، کە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گفتوگۆیان لەبارەوە کرابوو، دەشڵێت، ھێزەکانی پارتی رێگەکانیان داخستووە و رێگری لە دابەزینی گەریلا بۆ ناوچەکانی ژێر ھەژموونی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

لە لایەکی ترەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لەسەر ئەو باوەڕەی کە "ئاسایشی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانیەوە دەستپێدەکات"، بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان دژی پەکەکە لە دەرەوەی سنوورەکان، تا ئەو کاتەی بە تەواوەتی سنوورەکانی باشووری تورکیا کۆنتڕۆڵ دەکەن، وتیشی، لەشکرکێشیی چڕنووک-قوفڵ، کە لە ١٨ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە، وەک ھێرشەکانی تری تورکیا، بە تەواوەتی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت و ئامانج لێی "پاککردنەوەی تەواوەتی ناوچەی زاپە لە پەکەکە".