لە پاڵ ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، لە ئێستادا نوێترین سیناریۆ کە باس دەکرێت بریتییە لە ھێشتنەوەی حکومەتەکەی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە تەواوی وەزارەتەکاندا و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە.

ئەو سیناریۆیە ئەگەرچی بە شێوەی رەسمی لە دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق باس نەکراوە، بەڵام بە ئاماژەیەک دادەنرێت بۆ ئاڵۆزتربوونی قەیرانی سیاسی عێراق و لێکتێنەگەیشتن لەسەر پێکھێنانی حکومەت.

عەلی فەتلاوی ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاندووە، پلانی ھێشتنەوەی حکومەتەکەی کازمی لەگەڵ گۆڕانکاری فراوان لە وەزارەتەکاندا یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەم ھاوپەیمانی سێ قۆڵی، کە ئەو بابەتە لای چوارچێوەی ھەماھەنگی رەتدەکرێتەوە چونکە دژی گەلی عێراق و بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانە.

وتیشی، ھێشتنەوەی حکومەتەکەی کازمی و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی خزمەت بە سەرجەم لایەنەکانی ھاوپەیمانی سێ قۆڵی دەکات، کازمیش تەواوی جومگەکانی دەوڵەت پێشکەشی ئەو سێ لایەنە دەکات و ئەوەش نابێت قبوڵ بکرێت و لێی بێدەنگ بن.

یاسر وەتوت پەرلەمانتاری سەربەخۆش لەسەر ئەو سیناریۆیە رایگەیاندووە، ھێشتنەوەی حکومەتەکەی کازمی قەیرانەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە، چونکە ھیچ تەوافوقێک نە لە لایەن کوتلە سیاسییەکان و نە لە نێوان پەرلەمانتارە سەربەخۆکان لەبارەیەوە نییە.

ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی ھزی سیاسیش رایگەیاندووە، پاڵپشتی دەستوری نییە بۆ ھێشتنەوەی حکومەتەکەی کازمی، چونکە حکومەتەکەی کاربەڕێکەرە و ئەو پێشنیازەش بۆ زیاترکردنی فشارەکانە لەسەر چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان.

لەلایەکی ترەوە، سەرکردەیەکی ھاوپەیمانی سەروەری دەڵێت، بەھۆی ئەو چەقبەستووە سیاسییەی دروستبووە، یەکێک لە بژاردەکان ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە."مەشعان جبوری" سەرکردە لە ھاوپەیمانی سەروەری دەڵێت، تێگەیشتنیان ھەیە بۆ ئەو قورساییەی دەکەوێتە سەر کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و دەوڵەت، ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بدات لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی خۆی، وتیشی، بەھۆی پێکنەھێنانی حکومەت و چەقبەستویی سیاسی، ماوەیەکە قسە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، بەڵام لێرەدا دەنگی شەقام گرنگە، کە بزانرێت رای چییە لەسەر ئەو ھەنگاوە.