خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت
کوردسات نیوز
١٠ی نیسانی ٢٠٢٢
بۆ وەرگرتنی کورسی سەرۆکایەتی لە فەڕەنسا کە ھەر پێنج ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت، ١٢ کاندید رکابەری دەکەن، کە ٨ یان پیاو و ٤یان ژنن، بەپێی راپرسییەکان تەنھا ٦یان دیارترین و بەھێزترین رکابەرن، کە سیانیان سەر بە راستڕەوی سیاسین و دووانیان سەر بە چەپڕەوە توندڕەوەکانن و شەشەمیشیان "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی ئێستای فەڕەنسایە کە میانڕەوە و لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ەوە لەدەسەڵاتدایە.
ئەگەر ھیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەکان لە خولی یەکەمدا بەدەست بھێنن، ئەوا ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان پێدراوە دەچنە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەوە و ٢٤ی ئەم مانگە خولی دووەم ئەنجام دەدرێت.
بەپێی راپرسییەکان، "ئیمانوێل ماکرۆن"ی میانڕەو، لەگەڵ "مارێن لوپێن" کاندید پارتی بەرەی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو و "جان لوک میلونشون" کاندیدی چەپڕەوی رادیکالی لە دیارترین کاندیدەکانن، پێشبینییەکانیش بەو ئاڕاستەیەن، "ماکرۆن" و "لوپێن" بچنە خولی دووەمی پڕۆسەکەوە.
بە وتەی چاودێران، "مارین لوپێن" دەزانێت چۆن دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و تەرکیزی خستۆتەسەر ئەو بابەتانەی ھاووڵاتی فەڕەنسی گرنگی پێدەدەن، وەک گوزەرانی خەڵک و توانای کڕین و نرخی وزە. ھەروەھا غیابی کاندیدی بەھێز لە پارتی کۆماری و ئیشتراکی ھاوکار بووە بۆ ئەوەی "لوپێن" ببێتە بەھێزترین رکابەر لە بەرامبەر "ماکرۆن".
ھەر سێ کاندیدەکەی راستڕەوەکان دژایەتییەکی زۆر بەرامبەر موسڵمانان و کۆچبەران دەردەبڕن، ھاوکات "ماکرۆن"یش لە ماوەی رابردوودا چەندین یاسای دژی موسڵمانان دەرکرد و تۆمەتبار کراوە بە بە ئامانجکردنی موسڵمانەکان و کۆت و بەندکردنی ژیانیان.
ئەوەش لە کاتێکدایە موسوڵمانان ژمارەیان ٥.٧ ملیۆن کەسە و ٨.٨%ی دانیشتووانی فەڕەنسا پێکدەھێنن. بەپێی پێشبینییەکانیش، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداریکردن لە دەنگداندا زۆر کەم بێت، چونکە بەپێی راپرسییەک کە دامەزراوەی "ئبسوس" ئەنجامیداوە، زیاتر لە ٣٠%ی دەنگدەران پلانیان ھەیە بەشداری دەنگدان نەکەن، بەوەش کەمترین کەس لەم ھەڵبژاردنەدا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوەش بەھۆی ئەوەی کاندیدەکان پلان و پڕۆگرامی نوێیان بۆ وڵاتەکە نییە.