١٩ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پرۆسەی رزگاركردنی عێراق
کوردسات نیوز
٩ی نیسانی ٢٠٢٢
ئامانجی ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی عێراق لەناوبردنی چەکە کۆکوژەکانی عێراق بوو کەلەو کاتەدا لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیھان ناودەبرا. بەڵام بوو بە دەرفەتێک بۆ رزگاربوونی گەلانی عێراق لەژێر زوڵم و زۆری بەعس.
لەدوای کۆتایھاتنی دەسەڵاتی بەعس دەستوری ھەمیشەیی نوسرایەوەو سیستمی فیدراڵی جێگیرکرا، لە ھەڵبژاردنێکی ئازادانەشدا ٧٠%ی ھاوڵاتیان دەنگیان بۆ دەستوری ھەمیشەیی داو ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی نوێ ھەڵبژێرران بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی عێراقدا سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم کورد بە سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرا.
ئامارەکان لە بارەی کوژراوانی پرۆسەی ئازادی عێراق جیاوازن و بە پێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیھانی ژمارەی کوژراوانی عێراق لە پرۆسەکەدا لەنێوان ١٠٤ بۆ ٢٣٠ ھەزار کەس بووەو تاکو ساڵی ٢٠١٦ کۆی کوژراوان بەرزبۆتەوە ٣٥٩ ھەزار کەس.
لە ١٨ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ئەمریکا کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی لە عێراق راگەیاند، ئەوەش بە پێی رێککەوتنامەی ئەمنی کەلە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ حکومەتی عێراق ئیمزای کرد.
بەپێی داتاکانی پنتاگۆن لەسەرەتای ئۆپراسیۆنەکانەوە تاکو وادەی کشانەوە ٤٤٨٧ سەربازی ئەمریکی کوژراون و ٣٢ ھەزار سەربازیش برینداربوون، ١٧٩ سەربازی بەریتانی و ١٣٩ سەربازی وڵاتانی ھاوپەیمان کوژراون. ھەروەھا خەرجی پرۆسەی ئازادی عێراق لەسەر ئەمریکا ١.١ ترلیۆن دۆلاربوو.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق پرۆسەی سیاسی بە شێوەیەکی تەوافوقی لە ئێستا بەھۆی پێداگری ھەندێک لایەن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەو کۆتایھێنان بە تەوافوق، پرۆسەی سیاسی دووچاری چەقبەستوویی ھاتووە و دوای شەش مانگ لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئاسۆی پێکھێنانی حکومەتی نوێ نادیارە.