شەپۆلێكی بەهێزی بەفربارین رۆژئاوای ژاپۆنی گرتوەتەوە و دوورگەیەكی لە رۆژئاوای وڵاتەكە داپۆشیوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆكان كە بڵاوكراونەتەوە، تەواوی خانوو و ئۆتۆمبێل و كۆڵانەكان لە شاری هۆكایدۆی ژاپۆن داپۆشراون، تیمەكانیش بەردەوامن لە پاككردنەوەی شەقامەكان و كردنەوەی رێگا سەرەكییەكان.

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كەمترین ئاستی بەفر لە شارەكەدا 120 سانتیمەترە، بەڵام بە گشتی زیاتر لە چوار مەتر بەفر لە شەقام و كۆڵانەكاندا كەڵەكە بووە. پێشبینی ئەوەش كراوە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان لەناو ئۆتۆمبێل و شوێنە داخراوەكاندا گیریان خواردبێت.

دەزگای كەشناسی ژاپۆن پێشبینی كردووە، لە ماوەی 20 سەعاتی داهاتوودا بەفرێكی زیاتر لە دوورگەی هۆكایدۆ و باكووری ڕۆژئاوای ژاپۆن ببارێت.