لە پەراوێزی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە  لە سەنتەری کۆنفرانسەکانی ئێڤرێست لە داڤۆس، چاوی بە دیک شۆف سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، کەوت.

لەمیانی دیدارەکەدا، که هەریەک لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوه، فوئاد حوسێن و سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاران و پسپۆرانی سەرۆکایەتی کۆمار، د. عەلی شوکری ئامادەیبوون، باس لە پەیوەندییه دووقۆڵییەکان و میکانیزمەکانی پەرەپێدانیان تاوتوێکران بۆ ئەوەی چەند بواری جۆراوجۆر بگرێتەوه و تێیدا سەرۆک کۆمار باسی لە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی هاوکارییەکان لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و کارکردن بۆ ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی عیراقی هۆڵەندی بۆ ئاو و کشتوکاڵ.

هەروەها سەرۆک کۆمار خواستی عیراقی بۆ هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا هۆڵەندییەکان لە بواری گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکانی نەوت، گاز، ووزەی نوێبووەوە و هاوکاری لە بواری ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا نیشاندا.

لەلای خۆیەوە دیک شۆڤ، جەختی لەئامادەیی هۆڵەندا و پەرۆشی بۆ فراوانکردنی چوارچێوەکانی هاوکاری دووقۆڵیی بنیاتنەرانەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.