د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەهۆی روداوی کەوتنەوە ئاگر لە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری پارێزگای بۆلۆ و گیانلەدەستدانی 76 کەس، سەرەخۆشی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.

د. لەتیف رەشید رایگەیاندووە، "پرسە و سەرەخۆشی دڵسۆزی خۆمان ئاڕاستەی ئێوە و لەڕێگەی ئێوەوەشەوە لە گەلی دۆستی تورکیا دەکەین و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی هاوینەهەواری پارێزگای بۆلۆ لە تورکیا دەردەبڕین".

ئەوەشی خستووەتە روو، "داوا لەخودای گەورە دەکەین کە قوربانیان بەر رەحمەتی خۆی بخات و سەبوری و دڵنەوایی بەخانەوادەکانیان ببەخشێت و هیوای زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

بەرەبەیانی دوێنێ ئاگر لە هۆتێلی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاریی لە پارێزگای بۆلۆی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە ٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا.