د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان و گرنگی چارەسەری ڕیشەیی و جددی لە چوارچێوەی دەستوور سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە.

لە میانی دیدارەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە 12-1-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم وڵات و چۆنیەتی چارەسەرکردنیانکرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی کاراکردنی ڕۆڵی چاودێریی لیژنەی دارایی و بەدواداچوونکردن بۆ رێکخستنی میکانیزمەکانی خەرجکردنی باجی دارایی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و گونجاو، هەروەها باس لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوانە کرا بە پێی یاسا و ڕێساکانی کارپێکراو بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و گەلەکەی بکات.

سەرۆک کۆمار گرنگی چارەسەری ڕیشەیی و جددی لە چوارچێوەی دەستوور سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە بە شێوەیەک کە مافی هاوڵاتیان بپارێزێت بە فەرمانبەران و خانەنشینەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر سەقامگیری ئابووری و ئەمنی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بە ئاراستەی کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داخستنی ئەو بوارانەی کە گەندەڵی دروست دەکات و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ بێکاران بە دەستپێکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەسەندنی ناوچەکان، جگە لە چارەسەرکردنی دۆسییەی گرێبەست و کرێکارانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

لای خۆیەوە عەتوانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ڕێنماییە بەنرخەکانی و پەرۆشی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو هاووڵاتیان، هاوکات باسی لە هەوڵەکانی لیژنەکە و پلانە ستراتیژییەکان بۆ سەرۆک کۆمار کرد لەبارەی  دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ هاووڵاتیان.