د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز بکرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەپێش بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکاندا گرنگی پێبدرێت.

سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی شەممە 2025.1.11  لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و رێگەکانی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا تاوتوێکرا.

هەروەها میکانیزمی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجه خوازراوەکان له بوارەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی تاوتوێ کرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز بکرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەپێش بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکاندا گرنگی پێبدرێت.

لای خۆیەوە سەرۆکی پارتی پێشکەوتن تەئکیدی لەوە کردەوە کە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەش گەرەنتی بەدیهێنانی خواستی هاوڵاتیانە.

هەر لەکۆبونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکەو گرنگی ڕۆڵی عێراق له سەقامگیریی ناوچەکەدا تاوتوێکرا.