عیراق 13 فڕۆكەی نوێی گەشتیاریی بۆ هێڵی ئاسمانی دابینكرد
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
حكومەتی عیراق 13 فڕۆكەی پێشكەوتوو بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی فڕۆكەوانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كوالیتی بەرز بۆ گەشتیاران دابین دەكات.
مەییەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، 13 فڕۆكەی مۆدێرن لە چوارچێوەی پلانی نوێكردنەوەی گەشتی ئاسمانی گەیشتووەتە عیراق و ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانی گواستنەوەی ئاسمانی و هاوسەنگبوون لەگەڵ نوێترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو فڕۆكانەی وەرگیراون بریتین لە شەش فڕۆكەی بۆینگ ماكس و دوو فڕۆكەی درێم لاینەر و پێنج فڕۆكەی ئێرباس.
مەییەم سافی راشیگەیاند، ئامانجی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وەرگرتنی 31 فڕۆكەی مۆدێرنە تاساڵی 2027 لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی فڕۆكەوانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كوالیتی بەرز بۆ گەشتیاران.