ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی بەغداد سەرۆکایەتییەکان کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا کە تیایدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و د. مەحمود ئەلمەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون .

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025 و پێویستی دابینکردنی پێداویستی لۆجستی و تەکنیکی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرا.

سەبارەت بە کاروباری دارایی و مەسەلەی جووڵەی پارە و دارایی وەزارەت و پارێزگاکان لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی دامەزراوەکان و وەزارەتەکان کرایەوە و پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی کۆنتڕۆڵ و پێداچوونەوە بە خەرجییەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی گەندەڵی .

لەکۆبونەوەکەدا باس لە دواکەوتنی پێشکەشکردنی چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگ کرا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئامادەکرابوو بۆ دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و جەخت لەسەر پێویستی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرایەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسا دواکەوتووەکان بخەنە بەرنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەوە بەهۆی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی و کاری هاوڵاتیانەوە.

کۆبونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی حکومەت کردەوە لە تەواوکردنی بڕگەکانی بەرنامەکەی لەڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و هاندانی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لەبەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر.

سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تەئکیدیان لەسەر پتەوکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و گرنگی پشتیوانیکردنی هەوڵ و تەقەلا نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەرەوە کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز بکات.