سەرۆک کۆمار: پێویستە میکانیزمەکانی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی داد و فەرمانگەکانی دیکە کارا بکرێت
هەساو ئەمیر
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ خالید شوانی وەزیری دادی عیراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پلان و هەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ گرنگیدان به دۆخی گرتووخانەکان و میکانیزمی کارکردن له دامودەزگا دادوەریەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگی نێوان لایەنەکانی لیژنەی هاوبەش بۆ ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی که سزاکانیان بەسەر بردووە و یان سزاکانیان لەلایەن دادگای هەڵوەشێنراوەتەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەکانی وەزارەتی داد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کارا بکرێت، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بۆ پێداچوونەوە بە فەرمانگەکانی وەزارەت و تەواوکردنی مامەڵەکانیان دوور لە رۆتین و بەشێوەیەک کە مافەکانیان بپارێزرێت".
هاوکات، وەزیری داد سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتەکە و پەرۆشی بۆ دانانی بناغەی دادپەروەری، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان و پێداچوونەوە بە ئەرک و کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی داهاتووی بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دادپەروەری و دەستپاکی.