وەفدێكی باڵای ئەمریكا گەیشتە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق كۆبونەوە و جەختیان لە پاڵپشتیكردنی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە پێشوازی كردووە لە جۆن باس بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و باربێرا لیڤ یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و میشێل سایدەرز راوێژكاری سیاسی.

دەشڵێت، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا جەختیان لە هەماهەنگی و هاریكاری بەردەوام كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كە هەڕەشەیە لەسەر عیراق و گەلەكەی و وەفدەكەی ئەمریكا جەختی لە پاڵپشتیكردنی عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا كردەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا فوئاد حسێن رایگەیاندووە، عیراق سورە لەسەر دۆستایەتی ئەمریكا لە قۆناغی ئێستا و داهاتووی سوریادا.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆبونەوەكەدا هەردولا رێككەوتون لەسەر راوێژكردن و راگۆڕینەوە و تاوتوێیكردنی دەستپێشخەری بە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژەوەندی هەردولا و سەقامگیری ناوچەكە.