ڕۆژی هەینی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغداد دەكات و دۆخی سوریا تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی دەبێت لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو گەشتێكی ناوچەیی ئەنجامدا كە سوریا و توركیای لەخۆگرتبوو بۆ ڕاوێژ و دانوستان لەسەر پێشهاتەكانی رەوشی سوریا، رۆژی هەینی سەردانی بەغداد دەكات و بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری دەرەوە كۆدەبێتەوە.

پێشتر عراقچی ڕایگەیاندبوو، ئێران بیر لە ناردنی هێزی شەڕكەر بۆ سوریا دەكاتەوە لە ئەگەری ئەوەی ڕێككەوتنی ئەستانە نەتوانێت دۆخی ناوخۆی سوریا چارەسەربكات، وتیشی، ئەوەی ئێستا لەو وڵاتە روودەدات زۆر مەترسیدارترە لەوەی كە وێنای دەكرێت و كاریگەری لەسەر ناوچەكە بەگشتی و عیراق و توركیا بە تایبەتی دەبێت.