عیراق تانك و زرێپۆش رەوانەی سنورەكانی لەگەڵ سوریا دەكات و جەختدەكاتەوە، رێگە بە هیچ لایەنێكی عیراقی نادرێت لە دەرەوەی ئەو پلانەی سەبارەت بە سوریا داڕێژراوە هەنگاو بنێت.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠١٤ پلانیان بۆ پاراستنی سنوورەكان هەیە و پێویستە نێوەندگیرییەكی كاریگەری عەرەبی هەبێت بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی سوریا.

وتیشی، ئێران ئاگاداری نەكردووەتەوە لەوەی لەرێی عیراقەوە هێز رەوانەی سوریا بكات.

هاوكات لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بەهێزكردنی سنوورەكانی عیراق بە چەند لیوایەكی زرێپۆش راگەیاند و دەڵێت، سنوورەكان بە تانك و تەكنیكی سەربازی و كامێرای گەرمی و تاوەرەكانی چاودێری بەهێزكراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، سوپا و حەشدی شەعبی لە پشت هێزەكانی سنوورن، بۆ پشتیوانیكردنیان و جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لە دانانی بۆسە و چاودێریكردنی ناوچەكە.