قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق رایگەیاند، وڵاتەكەی دۆخی ئێستای سوریا رەتدەكاتەوە، جەختیشی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە رێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان كردەوە.

قاسم ئەعرەجی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا گفتوگۆی لەسەر دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە كرد و رایگەیاند، ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی لە سوریا رودەدەن، ئەو رێكخراوانە ئەنجامیدەدەن كە لەلایەن ئەمریكاوە وەك گروپی تیرۆریستی پۆڵێن كراون.

وتیشی، پێویستە رێز لە رێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان بگیرێت، تێكدانی رێككەوتنەكە كاردانەوەی جددی لەسەر لوبنان و ناوچەكە دەبێت.

لای خۆیەوە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق دووپاتیكردەوە، واشنتۆن پاڵپشتی گرژی و ئەو ئاژاوەیە ناكات، كە لە سوریا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە سەریهەڵداوە و ئەو كردەوە تیرۆریستییانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و جیهان دەكەن.