سبەینێ حكومەتی ئیسرائیل ڕێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان دەخاتە دەنگدانەوە، ئۆپۆزسیۆنیش داوا لە ناتانیاهۆ دەكات وردەكاری ڕێككەوتنی ئاگربەست بڵاوبكاتەوە.


دەیڤید مینسەر وتەبێژی حكومەتی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، حكومەت بەرەو ڕێككەوتن هەنگاو دەنێت و سبەینێش بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە، بەڵام هەندێك پرس هەن كە هێشتا هەڵپەسێردراون و پێویستە چارەسەر بكرێن،  بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.


لای خۆیەوە ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ڕێككەوتنەكە دەربڕی و بە هەڵەیەكی مێژوویی دانا، لە بەرانبەردا بێنی گانتز سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ كرد وردەكاری ڕێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا بۆ ڕای گشتی بڵاوبكاتەوە.


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكان ڕایگەیاندووە، ناتانیاهۆ لە میانی ڕاوێژكارییە ئەمنییەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، بەو ڕێككەوتنە ڕازی بووە، ئاماژەی بەوەش كردووە، پێدەچێت دانوستانەكان بە شێوەیەكی ئەرێنی بەرەو ڕێككەوتن هەنگاو بنێن، هاوكات ئیدارەی جۆ بایدن، بەرپرسانی لوبنانی ئاگاداركردووەتەوە كە لەماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت.