نەتەوە یەكگرتووەكان رایدەگەیەنێت، پرۆسەی سەرژمێری گشتی هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە بۆ ئایندەی وڵات، دەشڵێت، بەدواداچوونیان بۆ پرۆسەكە كردووە و پیشەییانە بەڕێوەدەچێت.

د. محەمەد حەسان نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق دووپاتیكردەوە، وڵاتان پێشناكەون بەبێ پشتبەستن بە ئاماری ورد، پرۆسەی سەرژمێری ئامانجی گەشەپێدانە و نوێنەرایەتی قۆناغێكی گرنگ و مێژوویی لە عیراق دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ شایەتی هەنگاونانن بۆ ئایندەی عیراق، نەتەوە یەكگرتووەكانیش هاوبەشە لەگەڵ حكومەت لەم پرۆسەیە و پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە عیراقیش كرد بۆ ئەو دەستكەوتە.

بەوتەی د. محەمەد حەسان، لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەكەیان كردووە كە بە سەركەوتووانە بەڕێوەدەچێت و لە ماوەیەكی كەمدا وەڵامی هەموو ئەو كێشە و پرسیارانەی هاووڵاتیان دەدریتەوە كە ئاڕاستەی ژوورە ئۆپراسیۆنەکان دەكرێت.