سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لیژنەی دەستپاكی راسپارد بۆ ئامادەكردنی راپۆڕتێك لەسەر كاروباری وەزارەت و دەستە سەربەخۆكان و پارێزگاكان و فەرمانگە حكومییەكان و دەستنیشانكردنی هەر گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنێك تێیاندا.

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی لیژنەی دەستپاكی كردووە، لیژنەكەی راسپاردووە بە سوود بینین لە سەرجەم دەسەڵاتەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران، لەنێویاندا دیوانی چاودێری دارایی، راپۆڕتێك لەسەر كاروباری وەزارەت و دەستە سەربەخۆ و پارێزگاكان و فەرمانگە حكومییەكان ئامادە بكات.

هەروەها، مەشهەدانی داوایكردووە لیژنەی دەستپاكی لە راپۆڕتەكەیدا دەستنیشانی هەر حاڵەتێكی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن لەو فەرمانگە حكومییانەدا بكات و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات، دوایین مۆڵەتیش بۆ پێشكەشكردنی راپۆڕتەكە بە ئەنجومەنی نوێنەران ١٥ـی كانوی دووەمی ساڵی داهاتووە.