دادگای داقوق سزای بەسەر ٢٨٠ بنەماڵەی شەهیددا سەپاند
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٤
دادگای داقوق بەهۆی وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون سزای بەسەر ٢٨٠ بنەماڵەی شەهیددا سەپاند و هەر خێزانێك بە ١٠٠ ملیۆن دینار غەرامە كران.
دادگای داقوق لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەسەر سكاڵایەك كە پەیوەست بوو بە ٢٨٠ بنەماڵەی شەهیدا بڕیاریدا هەر خێزانێك بە ١٠٠ ملیۆن دینار غەرامە بكرێت.
یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو شەهیدانە بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لەلایەن دەزگای شەهیدانی عیراقەوە لە كەركوك داوایان لێكرا كە مامەڵە بۆ پێشكەشی دەزگای شەهیدانی عیراق بكەن، لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان موچەیان هەبوو و دواتر موچەكانیان راگیرا و مانگانە بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان لێ وەرگیراوەتەوە لە بری ئەو موچانەی وەریان گرتووە.
دەشڵێت، لە دادگای داقوق سكاڵایەكی تریان لەسەر تۆماركرابوو كە زەوی نیشتەجێبونیان وەرگرتووە و دوای تاوتوێكردنی سكاڵاكە دادگا بڕیاریدا سزای ١٠٠ ملیۆن دینار بەسەر هەر خێزانێكدا بسەپێنێت.
باسی لەوەشكرد، ئەو زەوییەی كاتی خۆی وەریانگرتبوو، نرخەكەی ٥ ملیۆن دیناری كردووە كەچی ئێستا بە ١٠٠ ملیۆن دینار سزایان داون.