لیژنەی دارایی: سەرژمێری دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ دابەشكردنی داهات بەسەر پارێزگاكاندا
هەژار
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٨
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، سەرژمێری گشتی دانیشتووان دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ دابەشكردنی داهات بەسەر پارێزگاكانی عیراقدا.
عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، سەرژمێری گشتی دانیشتووان كە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، پێویستە هەمووان لە پێناوی سەرخستنیدا پشتیوانی بكەن، چونكە دەبێتە بنەمایەكی گرنگ و باوەڕپێكراو بۆ راستكردنەوەی سەرجەم هێڵەكانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و وەبەرهێنان و دەبێتە گرنگترین پێوەریش بە مەبەستی دابەشكردنی داهات و شایستە داراییەكان بەسەر پارێزگاكانی عیراقدا.
وتیشی، سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق كە ٣٧ ساڵە ئەنجام نەدراوە، دەبێتە سەكۆیەكی بەرفراوانی داتا و زانیاری بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە پیشەسازی و كشتوكاڵی و خزمەتگوزارییەكان، بۆیە ئەم سەرژمێرییە دەبێتە پرۆژەیەكی گرنگی نیشتیمانی و پێویستە هەموو عیراقییەكان بەشداری تێدا بكەن.