پلاندانانی عیراق: پێویستە دانیشتووان هەموو زانیارییەك بدەنە تیمەكانی سەرژمێری
هەژار
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٩
وەزارەتی پلاندانانی عیراق داوا لە سەرجەم دانیشتووان دەكات لە رۆژانی سەرژمێریدا بەبێ ترس و دوودڵی هەموو زانیارییەك بدەنە تیمەكان، چونكە زانیارییەكان پارێزراون و دزەیان پێناكرێت.
مەكی غازی جێگری سەرۆكی دەستەی ئامار و رێكخستنی زانیارییە جوگرافییەكان لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، لەو فۆڕمەی لە رۆژانی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا بۆ هاووڵاتیان پڕدەكرێتەوە و هیچ پرسیار و زانیارییەكی نهێنی تێدا نییە و نزیكن لەو زانیارییانەی لەكاتی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێن.
وتیشی، پێویستە هاووڵاتیان لە رۆژانی سەرژمێریدا بەبێ ترس و دوودڵی هەموو زانیارییەك بدەنە تیمەكان، چونكە زانیارییەكان ١٠٠% پارێزراون دزەیان پێناكرێت و جگە لە سەرۆك و ئەندامانی دەستەی ئامار هیچ كەسێكی تر رێگە پێدراو نییە سەیری زانیارییە كەسییەكان بكات و سەرجەم زانیارییەكانیش كۆد و ژمارەی نهێنییان لەسەرە.