وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق نوسراوێكی ئاڕاستەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كردووە و ئاماژەی بەچەند رێنماییەك كردووە بۆ رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمیری گشتیی دانیشتووان و تیایدا هاتووە، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات ١٢ی شەوی ١٩ی مانگ ١٢ دەستپێدەكات و لە سەعات ١٢ی شەوی ٢١ی مانگ كۆتایی دێت.

دەشڵێت، جوڵەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لەنێوان شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیەكان و گوندەكان رێگەپێدراو نییە و دەوەستێت، جگە لە حاڵەتی مرۆیی زۆر پێویست.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها فەرمانبەرانی سەرژمێری و هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنوسان لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا دەتوانن هاتوچۆ بكەن و ئەو كەسانەشی دەوامی ئێشكگرییان هەیە بەنوسراوی رەسمی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكرێنەوە بۆ هاتوچۆیان، هەروەها كارمەندانی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكان و ئاژانسەكان و رێكخراوانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رێگەپێدراون.