سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٥٧
بڕیارە سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم تاوتوێی پرسەكانی موچە و بودجە و پێكهێنانی حكومەت دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومەتی هەرێم تاوتوێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پرسەكانی موچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.
وتیشی، سودانی لەدوای هەولێر سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و دەرئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت و موچە و بودجە دەكات.
ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدایە كە پێشتر و لە نۆی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.