ئەعرەجی: بەغداد و هەرێم هەر هەنگاوێك دژی ئاسایشی ئێران رەتدەكەنەوە
شنیار
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٢٩
قاسم ئەعرەجی رایگەیاند، بەغداد و هەرێم وەڵامی هەر كردەوەیەك دژی ئاسایشی ئێران دەدەنەوە، عەباس عراقچیش دەڵێت پزیشكیان چاودێری جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی دەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆبونەوەی نێوان عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و وەفدی ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق سەردانی تارانیان كردووە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێكراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتیكردووەتەوە، جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عیراق و ئێران زۆر گرنگە و دەبێتە هۆی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەكاندا بەتایبەت بواری ئابووری و خودی مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بە دواداچوون و چاودێری بۆ رێككەوتنی ئەمنی و پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دەكات .
لایخۆشیەوە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق دووپاتیكردووەتەوە، كە عیراق ئاسایشی ئێران بە ئاسایشی خۆی دەزانێت و حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستانیش هەر جۆرە هەنگاوێك دژی ئاسایشی ئێران رەتدەكەنەوە و وەڵامی هەر كردەوەیەك دژی ئاسایشی ئێران دەدەنەوە.