هەڵبژاردنەوەی ترەمپ ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروستكردووە
لاوان
١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٥٠
هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا، ترس و دڵەڕاوكێی لەنێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروستكردووە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ترسیان هەیە لەوەی ترەمپ رێككەوتنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەڵبوەشێنێتەوە ئەوەش دەرئەنجامی مەترسیداری دەبێت.
سەلام حسێن، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا، ترس و دڵەڕاوكێی لەنێوان سەركردەكانی چوارچێوە دروستكردووە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، بە تایبەتی كە لەئێستادا ترەمپ دەیەوێت بە هێشتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق پارێزگاری لە ئیسرائیل بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها، گروپە چەكدارەكانی عیراق لەژێر چاودێری ئەمریكادا بهێڵێتەوە.
هاوكات، یاسر وتوت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، بە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بۆ سەرۆكی ئەمریكا، هەموو ئەگەرەكان كراوەیە بەڕووی رێككەوتنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقدا، لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە، ئەوەش دەرئەنجامی مەترسیداری لەناوچەكە لێدەكەوێتەوە.