سودانی و ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
ئاکام
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٢
سودانی و ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سودانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئەنجامداوە و پیرۆزبای لێكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆكی ئەمریكا.
لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا سودانی جەختی لەوەكردەوە، كە هەردوو وڵات ئارەزوومەندی پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیجی و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوانیانیان لە رووی ئەمنی و ئابوری و دارایی و وزە و تەكنەلۆجیا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سودانی باسی لە بەڵێنەكانی ترەمپ كردووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕەكانی ناوچەكە و هەردوولا رێككەوتن هەماهەنگی بكەن لەو بارەیەوە.
لەلای خۆیەوە ترەمپ خواستی خۆی بۆ كاركردن لەگەڵ سودانی نیشانداوە و هیوای خواستووە لە ماوەیەكی نزیكدا بیبینێت بۆ ئەوەی تاوتوێی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیە هاوبەشەكان بكەن.