ئیدارەی دەوڵەت: بەكارهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتان رەتدەكەینەوە
شنیار
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٨
هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەكارهێنانی خاكی عیراق لەلایەن وڵاتانەوە بۆ هێرشكردنە سەر یەكتر رەتدەكاتەوە و داوای كاری هاوبەشدەكات بۆ دوورخستنەوەی عیراق لەو جەنگەی لە ناوچەكە دروستبووە.
بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پێشوازی لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرا و وەك شایستەیەكی دەستوری ناوبرا كە كاری نیشتمانی هاوبەش پتەوتر دەكات.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی درێژكردنەوەی خولی دووەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران و پاڵپشتیكردنی هەنگاوی هەمواركردنەوەی یەكێك لە ماددەكانی بودجەی گشتی فیدراڵی تایبەت بە نەوت كرایەوە، هاوپەیمانیەكە پابەندبوونیشی بەو پرەنسیپانە دووپاتكردەوە كە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە دوایین راگەیەندراودا جەختی لەسەر كردووەتەوە، چونكە ئەو پرەنسیپانە رۆڵی دەبێت لە بنیادنانی دەوڵەتێك كە دەوڵەتی دامەزراوەكان بێت و زەمینەش خۆشدەكات بۆ گەیشتن بە داهاتوویەكی باشتر بۆ عیراق.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئیدارەی دەوڵەت هەڵوێستی عیراقی لە پشتگیریكردنی گەلانی فەلەستین و لوبنان دووپاتكردەوە و بەكارهێنانی خاكی عیراقیشی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان بە هەموو شێوەیەك رەتكردەوە، جەختیشی كردەوە لەسەر كاری هاوبەش بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵات و دوورخستنەوەی عیراق لەو جەنگەی ناوچەكەی گرتووەتەوە.