ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە و داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان تاوتوێدەكات.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆببێتەوە و  یەكێك لە تەوەری كۆبوونەوەكەش تاوتوێكردنی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان كە بڕیارە لە ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، داواكارییەكانی كورد پێكهاتوون لەوەی كە لە سەرژمێری دانیشتواندا هاووڵاتیان لەسەر شارەكانی خۆیان تۆماربكرێن، لەبەر روونەدانی گۆڕانی دیموگرافی بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سەنتەری داغڵكردنی داتاكان لە بەغداد ئامادەیی هەبێت.

ئەو كۆبوونەوەیەش دوای ئەوەدێت كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەفدی هەرێم لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆككۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەوە و ئەو دوو داواكارییەیان خستەڕوو، لەبەرانبەر سودانیش وەفدەكەی هەرێمی دڵنیاكردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران داواكارییەكان دەكەنە بڕیار.