لیژنەی یاسایی رایگەیاند، لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان لە رۆژی ٩ـی ئەم مانگەوە بۆ رۆژی ٩ـی مانگی داهاتوو.


محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، ئەم وەرزەی یاسادانان كۆتاییدێت، هەوڵێكیش هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان بۆ ماوەی یەك مانگ.


ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ماددەی ٥٨ـی دەستوور، درێژكردنەوەی تەمەنی وەرزی یاسادانان دەكرێت لەسەر داواكاری هەریەك لە  سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، یاخود بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بێت.


ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، درێژكردنەوەی ئەم وەرزەی یاسادانان، دەرفەتە بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی ناكۆكییان لەسەرە، هاوكات دەرفەتێكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.