حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی یەكجاری و كۆتایی هێنان بە كێشەی نیشتەجێبوون دوو پلانی نوێ‌ جێبەجێ دەكات.


مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، لە چوارچێوەی كارنامەی حكومەتی عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون، دوو پلانی نوێ‌ جێبەجێ دەكەن، یەكەمیان زەوی دەدرێت بە وەبەرهێنەر و بەڵێندەران بۆئەوەی پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست بكەن و دوای تەوابوونیان رادەستی حكومەتی دەكەنەوە و دواتر حكومەت بە قیست و نرخی گونجاو بە هاووڵاتیانی دفرۆشێتەوە و ئەم پلانەشیان لەئێستادا لە زۆربەی یەكەكانی نیشتەجێبوون جێبەجێ‌ دەكرێت.


وتیشی، پلانی دووەم ئەوەیە كە حكومەت زەوی بە هاوڵاتیان بدات و بەڵێندەران و وەبەرهێنانەرانیش سەرجەم تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و نەخۆشخانە و شەقام و كۆڵان بۆ ئەو شوێنانە دروست بكەن، بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن زەوییەكانیان بكەن بە خانوو.


مەزهەر محەمەد ساڵح جەختیشیكردەوە، بانكی خانووبەرە سندوقی نیشتەجێكردن و بانكە حكومییەكانی تر لە رێگەی پێدانی قەرز بە هاووڵاتیان پشتیوانی جێبەجێكردنی هەردوو پلانەكە دەكەن، كە ئەو دوو پلانەش بە یەكجاری كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكات.