سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و تەواوكردنی ئەو شایستە دەستوورییە، سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بەهێز دەكات.


نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، لەگەڵ مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، تەواوكردنی ئەو شایستە دەستوورییە، سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی بەهێزتردەكات، هەروەها زیاتر دیموكراسی دەچەسپێنێت. 


هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان بۆ تەواوكردنی پێداویستییەكانی بەرنامەی حكومەت، بەشێوەیەك كە هاوكار بێت بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عیراق لە بوارە جیاجیاكاندا.