ئیسرائیل هۆشداری دەدات لە هێرشی ئێران لە خاكی عیراقەوە
هەژار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٤٤
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عیراق و دەڵێت هەر هێرشێكی ئێران لەناو خاكی عیراقەوە باجەكەی قورس دەبێت، خامنەییش بڕیاریدا وەڵامی ئیسرائیل بدرێتەوە.
ماڵپەری ئەكسیۆس لە سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، هەموو بەڵگە و زانیارییەكیان پێگەیشتووە كە ئەمجارە ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل، لەناو خاكی خۆیەوە هێرشەكە ئەنجام نادات، بەڵكو لە ناو خاكی عیراق و لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانییەوە هێرش دەكاتەسەر ئیسرائیل، بەڵام پەیامێكیان ئاراستەی عیراق كردووە و هۆشدارییان پێداوە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكرێت باجەكەی عیراق زۆر قورس دەبێت.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش لە زاری سێ لێپرسراوی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، رۆژی دوو شەممەی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەتەوە و فەرمانی كردووە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بدرێتەوە و داواشیكردووە بۆئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەك بكرێت.