ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی وەفدی هەرێم لەبارەی یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەڕێوەدەچێت.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەرێوەدەچێت و تێیدا هەردوو وەزیری پلاندانانی عیراق و هەرێم و فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ چەند وەزیرێكی پەیوەندیداری عیراق بەشدار دەبن.

وتیشی، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ئەنجامدانی یان دواخستنی سەرژمێری گشتی دانیشتووان یەكلابكرێتەوە.

رۆژی دووشەممە وەفدەكەی هەرێم گەیشتە بەغداد و لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و نوێنەرانی كورد لە بەغداد كۆبوونەوە، وەزیری پلاندانانی هەرێمیش رایگەیاند، داوادەكەن بەشە بودجەی هەرێم لە سەرژمێری گستی زیادبكرێت و هاوكات داتا سەنتەر لە هەرێمیش بكرێتەوە.