بەھۆی ناڕەزایی سوننەکانەوە، ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جاری دووەم دەنگدانی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی بۆ جوتیارانی کورد دواخست.

لە کۆبوونەوەکەدا ماددەی یەکەمی پڕۆژەیاساکە پەسەندکرا، بەڵام پەرلەمانتارانی سوننە لە ماددەی دووەم ناڕازی بوون و کۆبوونەوەکەیان بەجێھێشت، بەو ھۆیەشەوە کۆبوونەوەکە دواخرا.

کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سوننەکان ھەرجارە و بیانویەک دەھێننەوە بۆ دەگنەدان بە پڕۆژەکە و نایانەوێت بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعس ھەڵبوەشێتەوە، بۆیە دەبێت لەدەرەوەی پەرلەمان ڕێککەوتن لەگەڵ فراکسیۆنە شیعییەکان بکرێت بۆ تێپەڕاندنی.

بەپێی پڕۆژە یاساکە، دەبێت بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێشووی بەعس ھەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی خاوەندارێتی نزیکەی ملیۆنێک دۆنم زەوی لەناوچە جێناکۆکەکان بۆ جوتیارانی کورد بگەڕێتەوە، کە نزیکەی ٤٠ ساڵە دەستیان بەسەرداگیراوە.