سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای لە دەستەی دەستپاكی كرد لێكۆڵینەوە لە تۆمارێكی دەنگی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باج بكەن.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی داوای لە دەستەی دەستپاكی كردووە كە بەشێوەیەكی خێرا لێكۆڵینەوە لە تۆمارێكی دەنگی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باج بكەن و ئەنجامەكەی ئاشكرا بكەن.

سودانی جەختی لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێشینەی كارەكانی حكومەتی داناوە.
دەستەی دەسنپاكی عیراقیش رایگەیاند، لێكۆڵینەوەی پێویست بە شێوەیەكی خێرا لەو بابەتە دەكەن و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان تۆمارێكی دەنگی بڵاوبووەتەوە و بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە دەنگی عەلی وەعد عەلاوی بەڕێوەبەری دەستەی گشتی باج بێت كە باس لە دەستكاریكردنی پارەی باج بكرێت لە بەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەك بەرامبەر بە بڕێك پارە.