بە ئامادەبونی سەرۆكکۆمار کتێبخانەی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نوسەران کرایەوە
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٠٩
بە پاڵپشتی و چاودێری د.لەتیف رەشید سەرۆكکۆمار ، کتێبخانەی یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نوسەران لە عێراق بەناوی ئەدیب و شاعیری کۆچکردو ئەلفرێد سەمعان کرایەوە .
لە مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەکەدا لە بارەگای یەکێتیی ئەدیبان و نوسەران، سەرۆك کۆمار چاوی بە ئەدیب و نوسەرانی عەرەب کەوت، لە کۆشکی بەغدادیش بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە نوسەرانی عێراقی، پێشوازی لێکردن.
سەرۆكکۆمار بەخێرهاتنی لە ئەدیبان و نوسەرانی عەرەب کرد و جەختیکردەوە کە عێراق و عێراقییەکان رێز و پێزانینیان بۆ نوسەرانی وڵاتانی عەرەبی هەیە، ئاماژەیکرد بۆ بایەخی کاراکردنی پەیوەندی نێوان رۆشنبیران، بەشێوەیەك کە رۆڵی رۆشنبیران لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کولتوریدا پەرەپێبدات.
ئاماژەیکرد بە پێویستی چالاککردنی میکانیزمی هاوئاهەنگی و هاریکاری لەگەڵ کتێبخانە و زانکۆ رەسەنە نێودەوڵەتییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵیان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی زانستی.
هەروەها سەرۆكکۆمار باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، بە تایبەتی بە ئامانجگرتنی بەردەوامی کەسانی بێ تاوان لە فەڵەستین و لوبنان. جەختیشیکردەوە لەسەر پاڵپشتی و پشتیوانیی عێراق بۆ براکانی لە بەیروت و غەزە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو بارودۆخە و جەنگەکان، کاریگەری نێگەتیڤ دەکەنەسەر رەوتی رۆشنبیری و ئەدەبی.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە لێدانی سرودی نیشتمانی دەستیپێکرد، دواتر سەرۆكکۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، ئێمە گەلێکین هەر لە سەرەتاوە بایەخمان بۆ کتێب و کتێبخانە، بایەخێکی گرنگ بوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی شارستانیەت، کە وڵاتەکەمان بە درێژایی مێژوو پێیدا تێپەڕیوە.