لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت سەرەتای ساڵی داھاتوو خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.

مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، رێککارە یاساییەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ تەواوبووە و چاوەڕواندەکرێت سەرەتای ساڵی داھاتوو خشتەی بودجەکە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە خشتەی بوودجەی ٢٠٢٤ـدا، جەختکراوەتەوە لەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە خشتە داراییەکانی ناو بودجە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئاگاداربکرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، لە خشتەی بودجەدا، داھاتی نانەوتی بە بڕی ٢٧ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام لەمساڵدا تائێستا داھاتی نانەوتی ھەشت ترلیۆن دیناری تێنەپەڕاندووە و لیژنەی داراییش، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کاربکرێت بۆ زیادکردنی داھاتی نانەوتی لە وڵاتدا.