تۆمەتبارێکی کوشتنی بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار دەستگیرکرا
کوردسات نیوز
١١ی ئازاری ٢٠٢٤
١٢٥
سەرچاوەیەک لە ھێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کەربەلا راگەیاند، بە پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست و دوای چەند رۆژێک چاودێریکردنی، لەیەکێک لە گەڕەکەکانی کەربەلا یەکێک لەو تۆمەتبارانەی بەشداربووە لە کوشتنی عەمید عەزیز شەلال بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار دەستگیرکراوە.
شەوی سێ لەسەر چواری ئەم مانگە بەھۆی دروستبوونی شەڕ لە نێوان ھەردوو ھۆزی ئال رومێز و ئال عومەر لە قەزای ئیسڵاح سەر بەپارێزگای زیقار کە چەکی قورسیشی تێدا بەکارھێنرا، عەمید عەزیز شەلال بەڕێوەبەری ھەواڵگری دژە تیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار کە بۆ ھێورکردنەوەی رەوشەکە گەیشتبووە ناوچەکە کوژرا و شەش ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان و حەوت کەسی تریش لە ھەردوو ھۆزەکە برینداربوون و چەند ماڵێکیش سوتێنراون.