حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، مەسرور بارزانی لە واشنتۆن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەتەوە و لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەشدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگی ھەرێمی کوردستان کردووە وەک ھاوبەشێکی گرنگی وڵاتەکەی و رایگەیاندووە، ھاوبەشی نێوانیان لەسەر بەرژەوەندیی و پێکەوە قوربانیدانی ھاوبەش بنیاتنراوە و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ پاراستنی ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا .

لە بەرامبەردا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم ئاماژەی بەوەداوە، ھەرێم بە ھاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا چەندین قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و ھیواشی خواستووە، پێکەوە رووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە نوێیەکان ببنەوە.

ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و ھەنگاوەکانی دژی ھەرێم و سیستمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە رێز لە قەوارەی دەستوری ھەرێم و سیستمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت، جەختیشیان لەوەکردووەتەوە، کە پێویستە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشە بودجەی خۆی پێ بگات.