ئەسما محەمەد ھاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی کەسی یەکەمی گرووپی تیرۆرستی داعش لە بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، پێش دەستگیرکردنی لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە لە فەلوجە لەمانگی دووی ٢٠٠٤ کە تا مانگی ١٢ی ھەمان ساڵ لە زیندانی ئەمریکییەکان بوو، ئەبوبەکر بەغدادی کەسێکی ئاسایی بووە و سەرقاڵی کاری بانگخوازی ئیسلامی بووە، بەڵام دوای ئازادبوونی لە زیندان بەھۆی ھەڵسوکەوتی ھێزەکانی ئەمریکاوە لەگەڵیدا، بووەتە کەسێکی مەترسیدار و دەستیکردووە بە دروستکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان.

لە بەرامبەریشدا ئییان ماکاری نێردەوی تایبەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە و تەنھا بیانوون، چونکە بەغداد ئەگەر کەسێکی مەترسیدار نەبووایە دەستگیر نەدەکرا و پێش دەستگیرکردنیشی سەرقاڵی دروستکردنی ئەو گرووپانە بووە کە لە دژی حکومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا بوون لە دوای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی ٢٠٠٣.